نەبووخەزنەسر
نەبووخەدنسەری دووەم، یەکێک لە بەناوبانگترین پاشاکانی ئیمپراتۆریەتی بابلی نوێ، لە نێوان ساڵانی ٦٠٥ بۆ ٥٦٢ پێش زایین فەرمانڕەوایی کردووە. ئەم پاشایە لە مێژووی ناوچەکەدا بە هێز و توانای بێوێنەی لە بیناسازی و وڵاتپارێزی ناسراوە. هەرچەندە ئەو پاشایەکی بابلی بوو، بەڵام بەستەرێکی مێژوویی قووڵی لەگەڵ خاکی میدیا و رەگ و ریشەی کوردانی ئێستا هەبوو. یەکێک لە مەزنترین کارەکانی ئەم پاشایە، بنیاتنانی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل بوو، کە وەک یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهانی کۆن دەناسرێت. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، نەبووخەدنسەر ئەم باخچانەی وەک دیارییەک بۆ هاوسەرەکەی، شازادە ئەمیتس دروست کردووە. ئەمیتس کچی کەیخەسرەو (سایاکساریس) بوو، کە پاشایەکی مەزنی میدییەکان بوو. شازادە ئەمیتس پاش هاوسەرگیرییەکەی لە بابل تووشی خەمۆکی دەبێت، چونکە نیشتمانە شاخاوییەکەی خۆی و سەوزایيیەکانی زێدی باوباپیرانی بیر دەچێتەوە. پاشا بۆ ئەوەی دڵی هاوسەرەکەی خۆش بکات، شاخێکی دەستکردی پڕ لە درەخت و گوڵ و گوڵزاری بۆ دروست دەکات تا هاوشێوەی چیاکانی میدیا بێت. مێژوونووسانی کۆن و نوێ جەخت لەم راستییە دەکەنەوە. بێرۆسۆس، مێژوونووسی بابلی لە ساڵی ٢٩٠ پێش زایین، بە روونی ئاماژە بەوە دەدات کە پاشا بۆ یادەوەرییەکانی هاوسەرە میدیاییەکەی ئەو باخچانەی ساز کردووە. هەروەها دیۆدۆری سیسیلی و لە سەردەمی نوێشدا ستیفانی دالی، مێژوونووسی زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەڵگەی زیاتریان لەسەر ئەم پەیوەندییە خستووەتە روو. گرنگی ئەم بابەتە بۆ ئەمڕۆ لەوەدایە کە نیشانی دەدات میدییەکان، کە باپیری راستەوخۆی کوردەکانن، خاوەنی شارستانیەتێکی ئەوەندە بەرز بوون کە پاشای مەزنی بابل بۆ راگرتنی دڵی کچی پاشایەکی کورد، یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ئەندازیارییەکانی جیهانی ئەوکاتی ئەنجام داوە. ئەمە گەواهیدەری قووڵیی مێژوویی و رەگ و ریشەی نەتەوەیی ئێمەیە لە ناوچەکەدا.